جیاوازی چیە لەنێوان پڕۆگرامەر و دیڤیلۆپەر و کۆدەر؟

Programmer vs Developer vs Coder

زۆرجار ئەم سێ زاراوەیە یان ئەم سێ ناوە تێکەڵ دەکرێن و گرنگە بزانین هەریەکە لەم زاراوانە بە کێ دەووترێت و مەودای کارکردنیان چەندە، بەتایبەت ئەگەر کەسێک پێویستی بە کەسێک بێت بۆ کۆمپانیایەکەی کە دایمەزرێنێت گرنگە بزانێت بەدوای کام کەس لەمانە بگەڕێت.

پێش هەموو شت باس لە کۆدەر (Coder) یان کۆدنووس بکەین. کۆدەر چیە؟

هەر کەسێک کە بتوانێت کۆدێک بنووسێت و کۆدەکەی کۆمپایڵ بکرێت و بەگەڕبخرێت(run) و ئەو کارە بکات کە دەیەوێت یان داوای لێکراوە ئەوە پێی دەووترێت کۆدەر یان کۆدنووس بێ گوێدانە کوالیتی کۆدەکەی.

پڕۆگرامەر(Programmer) واتە هەر کەسێکی کۆدنووس کە بتوانێت تێستی کۆدەکانی بکات و شارەزابێت لە کوالیتی ئەو کۆدەی دەینووسێت و هەڵدەستێت بە نووسینی کۆمێنت و دۆکیمێنت کردنی کۆدەکانی بۆ ئەوەی ئەگەر پڕۆگرامەرێکی تر تەماشای کۆدەکەی کرد بەئاسانی تێی بگات و بزانێت چۆن کاری لەسەر کردووە.

جیاوازی لەنێوان پەرەپێدەر یان دیڤیلۆپەر(Developer) و پڕۆگرامەر مەودای کارکردنیانە و مەودای کاری دیڤیلۆپەر زیاترە لە مەودای کاری پڕۆگرامەر. بۆ نمونە کەسی دیڤیلۆپەر هەڵسوکەوت لەگەڵ تەواوی پڕۆجێکتێکدا دەکات و تێگەشتنی زیاترە بۆ تەواوی پڕۆجێکتەکە لەکاتێکدا کەسی پڕۆگرامەر لە بەشێکی تایبەتی پڕۆجێکتەکەدا قاڵ دەبێتەوە. بۆ نمونە ئەگەر باس لە دروستکردنی وێبسایتێک بکەین، کاتێک کە تۆ لەگەڵ کۆمپانیایەک قسە دەکەیت و دەتەوێت وێبسایتێکت بۆ دروست بکەن، یەکەم کەس هەموو زانیاریەکانت لێ وەردەگرێت و بە فرەیمۆرک یان وایەرفرەیم دیزاینی دەکات و دواتر کەسی پڕۆگرامەر ئەم دیزاینە دەگۆڕێت بۆ زمانی کۆمپیوتەر، واتە بە زمانێک یان چەند زمانێکی پڕۆگرامینگ ئەم دیزاینە دروست دەکات. لەوەیە کۆمەڵێک پڕۆگرامەر کاری تێدا بکات و هەر یەکەیان کارێکی تایبەت و جودا لەوی تری هەبێت. لەوەیە پڕۆگرامەرێک یان چەند پڕۆگرامەرێک تەنها کاری ڕوکاری (Frontend) وێبسایتەکە بکەن و هەندێکی تر کاریان باکئێند بێت.

پڕۆگرامەر زۆر جۆری هەیە وەک دروسکردنی ئەپلیکەیشن، یان دروستکردن و چاککردنی سیستەم و داتابەیس، یان بواری AI زیرەکی دەستکرد و Machine Learning، یان دروستکردنی یاری.

کەواتە دەتوانین بڵێین لەگەڵ ئەوەی کە دیڤیلۆپەر توانای کۆدنووسین و پڕۆگرامینگی هەیە، مەودای کاری ئەمانەی خوارەوەش دەگرێتەوە:

🔸دیزاینی نەرمەکاڵا

🔸پەرەپێدانی

🔸گەڕان و لێکۆڵینەوە

🔸نووسینی تایبەتمەندیەکان و دۆکیومێنت کردن

🔸چاککردن

🔸تاقیکردنەوەی نەرمەکاڵا

🔸جێبەجێکردن

🔸شیکار و لێکۆڵینەوە

کاری پڕۆگرامەریش وەک باسمان کرد لەمانەی خوارەوە خۆی دەبینێتەوە:

🔹نووسینی کۆد

🔹تاقیکردنەوە (testing)*

🔹چاککردنی کەلێنەکان(Bugs)

کەواتە پەیوەندی نێوان ئەم سێ کەسە بەم شێوەیە دەبێت:

▪️هەموو کەسێکی دیڤیلۆپەر و پڕۆگرامەر کۆدنووسن، بەڵام هەموو کۆدنووسێک نابێت بە پڕۆگرامەر یان دیڤیلۆلەر.

▪️هەموو دیڤیلۆپەرێک پڕۆگرامەریشە، بەڵام هەموو پڕۆگرامەرێک دیڤیلۆپەر نیە.

بە کورتی کۆدەر ئەو کەسەیە کە تەنها کۆد دەنووسێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پڕۆگرامەریش کەسێکە کە بەباشی کۆد دەنووسێت و کەسی دیڤیلۆپەریش نووسینی کۆد یان هەڵسەنگاندنی کۆد بەشێکە لەکارەکەی و زۆر کاری تری هەیە.

*تێبینی: تاقیکردنەوە یان تێستکردنی کۆد ئەوە نیە کە کەسی پڕۆگرامەر بە ڕەنکردنی کۆد دەیکات، بەڵکو بە نووسینی کۆدی تر پڕۆگرامەکەی یان کۆدەکانی تێست دەکات. بۆ نمونە نووسینی کڵاسێکی تایبەت بە تێست بۆ تێستکردنی هەموو کۆدەکانی تری. ئەمە لەزۆر شوێن داواکراوە ئەگەر لەگەڵ دیڤیلۆپەری پلەپاڵا(Senior Developers) کار بکەیت.